الأحد، 21 أغسطس 2016

نەسرین کەمال، شاعیرێکی نوێخواز:

ئەحمەد ڕەزا:



نەسرین کەمال شاعیرێکی بوێرو نوێخوازی لوبنانییە، دژە ئاراستەی بیرکردنەوەی عەوامی کۆمەڵگەکەیەتی.. کچێکی مۆدێرنە لە دەرەوەی چەق بەستن کارئەکات.. ئەم چەشنە کارکردنەی تەنها ڕۆتین و خۆدزینەوە نییە لە نەریتە سواوەکان، وەک مۆدێلێکی هاوچەرخانە، بەڵکو ئەو ئەزمونێکی جیاواز ئەبەخشێت و ڕوانینێکی خۆیی هەیە بۆ بوون:
گەر ئەوە
بۆشایی بوو
ئەی لە کوێوە گێژەڵوکەو باران دێت؟
گەر ئەوە
خۆشەویستیی بوو
ئەی ئەو چڕنوکەی
لە پێستماندا ڕواوە
لە کوێوە دێت؟
گەر ئەوە
قەسیدەی خوا بوو
ئەی بۆ، جگە لەوە هیچیتری نەنوسی؟
گەر خۆشت ئەوێم
ئەی بۆ
لەناو کەل و پەلەکانتا
وەک دەرمانی
ئازارشکێن
هەڵمئەگری؟
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
اذا كان ذلك
فراغاً
فمن آين تأتي العواصف والأمطار؟
إذا كان ذلك
حبُاً
فمن آين تأتي
المخالب
المزروعة في جلودنا؟
إذا كان ذلك
قصيدة الله
فلمَ لم يكتب سواها؟
إذا كنت َ تحبني
فلمَ
تحملني
بين أغراضك
كدواء
مسكّن؟

ن.ك.

الجمعة، 12 أغسطس 2016

چرایەک بۆ شەمی شەوان!!

ئەحمەد ڕەزا

لە بیانویەک ئەگەڕام بێمەوە بەر پەنجەرەی خەیاڵ. سەرم لە ڕۆشنایی گیانم کزترو بەدەنم لە وشەکانم هەڵڕژاوتر.. سەرخۆشیی بە گاگٶڵکێ نیشتە سەر پەنجەم.
فلاشباگ:
وێنەیەکی بەسەر گلێنەمەوە سەمای ئەکرد
پێڵووم دەستی بۆ چنگێ
ڕۆشنایی بردو
لە پشت دێڕەکان خۆم شاردەوە.
ئەی چی ئەبێ بەیانییەک
بە زەنگێک لە خەو هەستم و
تا سێبەرەکەم ئەدۆزمەوە
تا نیگاکانم بۆ کۆئەکرێتەوە
تا لە جەنگی ئەژدیهاکان ئەبمەوە
                            من مردبم؟!
ئۆو!! بیرم نەبوو دوێنێ هەر بەسەرخۆشیی وێنەیەک لەسەر دیوارەکەی بکێشم و لەسەر نینۆکەکانی ناوی خۆم هەڵکۆڵم..
تەنها ئەوەندەم بیر بوو کات بوەستێنم، بۆ ئەوەی نەزانم چەندم پێ ئەچێ، تا لە خۆکوشتنم ئەبمەوە.
تەنها ئەوەندەم بیر بوو بە سەرخۆشییم بڵێم: ئەوە تۆ نیازت چییە؟ ئەوە چەند سەدەیە چاوت بڕیوەتە پەپولەکەی سەر سنگی و ناگەڕێیتەوە بۆ مردن؟
دیمەنێکی تر:
نازانم چەند دیمەنی تر ئەنوسمەوە پێش ئەوەی بچمەوە ناو گۆڕە گەورەکەم.. ئاخر گۆڕەکەم ئەوەندە بێ سەرو بنە، خۆشم سەر دەرنابەم چۆن بۆی بگەڕێمەوە.
ئەوەندە ئەزانم سەرم لە دارهەنارەکانی سپی ترەو
دەنگم لە مروارییە شکاوەکانی زیزترەو
ئارامیشم.. ئاخ ئارامیی!!
بستێکی گۆڕەکەم نەماوە بە دوایا نەگەڕێم،
ژێر بەردێکی هەراسان نەماوە، بۆم باس نەکردبێ.
هەر لە دەرگاوە
تا ئەگەمە ژووری مێرولە شەرمنەکانی هاوڕێم.. هەموو ئەزانن چیم لێ ون بووە!
ڕۆژێکیان ترسی ناو کتێبە هەڵوەریوەکە پێی وتم لە کوێوەا شوێن پێی هەڵگرم، بەڵام دادی نەدا، ئەو ڕێگەیەی ئەو پێی نیشاندام، ئەیهێنامەوە بۆ ژیان. ئیتر منیش تەوەزەلییم کردو دواتریش بیری خۆم بردەوە.

تەنها شتێ ئەمشەو دڵێکی بۆ خستمە سەر پەنجەرەی یادەوەرییەکانم، ئەویش ئەو شنەیە بوو، کە نەئەمگاتێ و نە ئەیگەمێ.
ئۆنتۆلۆژیای ژن/ کۆمەڵایەتی، لە کارێکی عومەر دەروێشدا:
ئەحمەد ڕەزا:
یەکێک لەو هۆکارانەی وائەکات هەر کارێکی ئەدەبیی یان هونەریی، وەرگر بەلای خۆیدا ببات و لە زەینی خۆیدا لێکدانەوە بۆ کارەکە بکات، بەرکەوتنی کارەکەیە بە فیکری وەرگر، یان بە ئەزمونی، یان بە یادەوەریی ئەو.. ئەوانەش تەنها بە کوالیتیی کارەکەوە پەیوەستە، نەک تەنها فیکر، یان تەنها لێهاتوویی و شارەزایی هونەرمەندەکەوە. هەموو ئەو کارە مەزنە جیهانییانەی زۆرترین ڕیئاکشنی زەینیی ئەخوڵقێنێ، پەیوەندیی بە هەردوو جەمسەرەکەی کار کردنەوە هەیە، هەم شارەزایی هونەرمەندەکە، هەم ئەو هۆکارانەی وەرگر بەلای خۆیدا ئەبا.
ئەم کارەی هونەرمەند عومەر دەروێش، لەڕووی دەرهاویشتە گوزارشتکارییەکانەوە، لە پلەیەکی باڵای ڕەوانیدایە، بە جۆرێک هەر وەرگرێکی چالاک بە ئاسانیی کۆدەکانی کارەکەی بۆ ئەکرێتەوە، تەنها ئەوەندەی پەیوەندیی بە پاشخانێکی ڕۆشنبیرییەوە هەیە، بۆ خوێندنەوەی تەواوی دوورایی " بعد"ەکانی ئاماژەکانی هێڵ و کۆبوونەوەی دالەکان لە لە گشتگیریی بوونی بابەتدا.
 ئەو فیگەرانەی لێرەدا بەرجەستە بوون، وەک ڕواڵەت لە ئاستی یەکەمدا هەر وەرگرێکی چالاک و ناچالاک بە ئاسانیی دێتە بەرچاوی. وەک پراکتیکێکی تیۆری قوتابخانەی پێشوازیی و بەدەنگەوە هاتن " مدرسة الاستقبال والاستجابة" ئەتوانێت زۆرترین بینەر لە ئاستی یەکەمی کارەکەدا کۆبکاتەوە، بەمەش لە قۆناغی " ب " دا کە ئاستەکانی تێگەیشتنە، بە پێی شارەزاییە ڕۆشنبیرییەکە دووبارە لەو بەشە وەرگرەی سەرەتا، ڕێژەیەکی ئەوتۆ لەدەست نادات و بە پێی سروشتی کارەکە هەوڵی هێشتنەوەی زۆرترینی وەرگرەکان ئەدا بۆ قوناغی " ج " .. کە تێایدا بە هۆی تێپەڕاندنی هەردوو قۆناغەکەی پێشووەوە، ئاستی هێرمیونتیک یان لێکدانەوەگەرایی دەست پێئەکات.
ئەم جۆرە کارکردنە لە ئێستای هونەری شێوەکاریی جیهانیدا بە هۆی تێگەیشتن لە هەردوو قوتابخانەی " وەرگرتن/ تلقي و پێشوازیی/ استقبال"ەوە، بە شێوەیەکی بەربڵاو کاری پێئەکرێت و لە ئێستادا بە پێشکەشکردنی بۆ مرۆڤ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، هەوڵی دووبارە ڕێکخستنەوەی سروشتی مرۆڤایەتیی ئەدرێت، بۆ بەدیهێنانی زۆرترین ئازادیی و فڕێدانی هەموو ئەو نەریتانەی کە پێشتر زیانی بە مرۆڤایەتیی گەیاندووە.. سەرکەوتنی ئەم شێوازە گرنگەش لە دوورکەوتنەوەی فیکری هونەرمەندان و وەرگرەکانییەتی لە سەرجەم ئایدیۆلۆژیا بەبنبەست گەیشتووەکان.
 دیزاینی کارەکە، بنکەیی بەرەو ژوور هەڵئەکشێ.. بە هەڵگێڕانەوەی شێوەکە، ئیحای لە خاچدان ئەدا.. سەرەتا لەوێوە کە دواخاڵی پرۆژەکە، خوێندنەوەی کارەکە لەوە ئاسانتر ئەکا بەدوای پنتی زەمانییدا بگەڕێین. بە مانای سەرهەڵدانیی توندوتیژیی لە سەرەتای دەرکەوتنی هێزەوە لای مرۆڤ.. لەبەرئەوەی کارەکە گشتگیرەو هیچ نیشانەیەکی شوێنی تیا نییە، لەبەرئەوە ڕوونتر کارەکتەری کارەکە دەرئەکەوێت، کە " ژن"ە. بەپێی کارکردنی ڕەخنەگرانەش، کە هەنگاوی یەکەم دەرخستنی فیگەری سەرەکییە، ژن لە چەند دووراییەکەوە دەرئەکەوێ، جگە لە فیگەری ڕاستەوخۆی سەر، لە بەشی خوارەوەش هێڵکاریی سنگی بریندارو شێواو لە هەردوو بەرەی بنکەکەوە هەیە. بە گوزارشتکاریش زیندانێک هەیە، کە درەختێکی تیا هەڵئەوەرێ، گەر بە مەجاز هەم درەخت و هەم هەڵوەرین و زیندانەکە وەربگرین، تێکڕای ئەو دالانە ئاماژەن بۆ بوونی ژن لە زینداندا. لەگەڵ ئەویشدا کورسیی و قەلەڕەش ئەبینرێن.
 قۆناغی دووەمی ڕەخنەی هونەریی ئەرکی چۆنێتیی کێشانی وێنەکەو هەموو ئەو دەرکەوتانەیە وەک پێدراو کارەکە خستوویەتییە ڕوو.. لێرەدا درێژ بوونەوەی قژی ژن بەناو زیندانەکەداو لێچۆڕانی ئەو هەموو خوێنەی دەرخراوە، نزیکترمان ئەکاتەوە لە فیکری پێشنیازکراو. ئەوی پەیوەندیی بە هێڵ و بونیادی دەقەکەوە هەیە، لەو دەرخستنانەی پێشوودا هەموومان کۆکردەوە.
 لە قۆناغی سێیەمدا، ئەو نزیکبوونەوە سۆزدارییە ئەبینین، کە کارەکە ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەرگرەکەیدا پێکی ئەهێنێت. ئەویش لە نێوان هێڵە ڕەش و کاڵەکانی کارەکەوە سەرئەکەوێت و بە گوزارشتەکە کۆتایی دێت.. لەم کارەدا بۆ بەستنەوەی ڕایەڵی سۆزداریی لە نێوان خۆی و وەرگرەکەیدا، پێویستیی بە هیچ ڕێنماییەکی ڕەخنەگر نییە، لەبەرئەوەی باری وروژێنراوی ناو کارەکەو هەستی سۆزداریی وەرگری هاوچەرخ بۆ ژن و ئەو چەوساندنەوەیەی تیایدا ئەژی، بەسە بۆ پێکهاتن و " کۆمونیکەیشن/ کەناکشن/ پەیوەندیگیریی".
ئەوەی ئەمێنێتەوە لە قۆناغی چوارەمدا لێدوانی کارەکەیە.. ئەم کارە لە ڕێگەی ئەو وێنایەی لە پشت وێنەی کوشتنی ژنێکەوە نیشانمانی ئەدا، ئەمانگێڕێتەوە سەر خوێندنەوەی ئۆنتۆلۆژیان ژن لە دووراییە کۆمەڵایەتییەکەیەوە.. ژن بوون لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا بەتایبەت، واتە بوون لە دەستپێکەوە بۆ کۆتایی، بۆ گوێ لێنەگرتن و ستەم و بە کۆیلە کردن.
 ژنبوون لەمجۆرە کۆمەڵگەیەدا لە ڕێگەی هەموو ئەو جۆرە یاسانەوە کە پاڵپشتێکی تیۆلۆژییان هەیە، ئەخرێنە پەراوێزەوەو تەنانەت وەک هەبوویەکیش نزیک نابێتەوە لە مافەکانی.. نەریت جۆرە یاسایەکی نەنوسراوەو لە یاساو ئاینەکان حوکمی زیاترە.. ئەوەی نەریت دروستی ئەکا، جگە لە زەبروزەنگی یاساو ڕێساکان، چەواشەگەرییەکیش ئەسەپێنێ کە حوکمی بنەڕەتەکان ئەبەزێنێ.. ئەم جۆرە یاسایانە بە جۆرێک دائەڕێژرێنەوە، تەنانەت خودی ژن چییەتی خۆی لەبیر ئەچێتەوەو بە لۆژیکی پیاو مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکاندا ئەکات.. ژن جەستەی خۆی لێ ئەبێتە سزایەکی گەردوونیی و لەگەڵ پەروەردەیدا دووبارە ئەیگێڕێتەوە بۆ ناو ژیان.
 دەروێش لە ڕێگەی ئەم کارە هونەرییەوە بەشداریی ئەکات لە هەڵگرتنی سزایەکی نادپەروەرانەی کۆمەڵایەتیی بەسەر ژندا.. کورسیی وەک هێمای هەمیشەیی، ئەو پنتە بوونگەراییە دەرئەخات کە مرۆڤ هەیەتی، دروستکردنی زیندانێک لە کورسییەکەدا، ئاماژەیە بۆ مێژوویەکی گەورەی ستەمکاریی لە ژیانی ژناندا، نیشاندانی سیمبۆلەکانی باری کۆمەڵایەتیی پیاوسالارییە لە مێژووی ژنبووندا. هەڵکۆڵینی چاوی ژن بە قەلەڕەش، ڕێگە ونکردنی بینینە لە ژن، بە دەستی نەزانپەرستیی و پیاوانی ڕەشی دەسەڵاتدارەوە بە درێژایی مێژوو.

  لە قۆناغی پێنجەمی بینینی خۆم بۆ ئەم تابلۆیە، دەرخستنی بونیادی کارەکەیە، کە وەک خوێندنەوەی یەکەمینم، هەماهەنگییەک بوو بۆ لابردنی سزا بێ ماناو پووچگەراکانی سەر ژن.. ئەم هەماهەنگییە بە گرنگییدان بە " کەینونە/ ئۆنتۆلۆژیای ژن/ وەک بوویەکی کۆمەڵایەتیی" بە گێڕانەوەی مێژوو و گەیاندنی بە ئێستا گوزارشتی لێکردووە، ئەوەش بە بەشدارییەکی باڵا ئەزانم لە ڕێگەی هونەرەوە کە کاریگەرێتیی بەردەوامی لەسەر بیرکردنەوە هەیە. لە خوێندنەوەی دووەمیشدا کاتێ دووراییەکانی تری کارەکە ئەبینمەوە، لە وردەکاریی دالەکانەوە دەست پێ ئەکات، کاتێ لە کۆی گشتیی بەرهەمەکەدا پێک ئەگەنەوەو مانا بەرهەم ئەهێنێ. کوشتنی ژن لە پێگەی خۆیدا، کە بە کورسیی ئاماژەی بۆ کراوە، سڕینەوەی هەموو جۆرە گوتارێکی ژنە لە کۆمەڵگەدا، بەهەند وەرنەگرتنی پێگەکەیەتی بە کوشتنی لە ناو ژینگەی خۆیدا، ژن وەک هەبوویەکی ماددی بەهۆی هەندێ چەمکی وەهمییەوە پەراوێز ئەخرێ لە ژیاندا، کە ئیتر ئەمجۆرە زوڵم کردنە لە دوا پلەی گەوجێتیی پیاوسالاریدایە. جگە لەم دووراییانە، بینینی کارەکە سەر بە ڕەگەزێکی ڕیتمداری بەردەوامی هاوسەنگە، ئەمەش ئەبێتە هۆکاری بەدواداچوون لای وەرگرەکانی.
 

الخميس، 4 أغسطس 2016

ئاگاداری ...... ئاگاداری 
گروپی لەیزین - هەڵئەستێت بە کردنەوەی 
خولی (دەق و سیناریۆو دایلۆک لە درامای تەلەفزیۆنی) 
بە شێوەیەکی نوێگەری لەسەر ئاستی دراما جیهانی یەکان
لەلایەن مامۆستایانی شارەزاو پسپۆر دەوترێتەوە بۆ هەموو تەمەنەکان 
بۆ زانیاری زیاتر و ناونوسین پەیوەندی بکە بەم ژمارانەوە
٠٧٥٠١٤٦٠٨٣٤ - 07702476565

الأربعاء، 3 أغسطس 2016


https://www.facebook.com/photo.php?fbid=267833840262681&set=a.107045833008150.1073741828.100011082004129&type=3&theater

(( مێرولەکردنی خەیاڵ))

ئەگەر لێرەوە تێپەڕیت؛
بزانە چرایەک هەیە، خامۆش.. چاوەڕوانتە هەڵیکەی.
پێکەنینێکی نەبڕاوە چاوەڕوانتە؛
دەستی ئەدەیتێ و وەک شەکرۆکە ئەیکرۆژیت.
لاپەڕەیەک بۆ یادگاریی نوسینەوە،
گڵۆپێک بۆ بەرچاو ڕوونیی و
عەلاگەیەکی گەورەی جل بۆ پیا هەڵواسینی خەم و
مێژوویەک بۆ دەست پێکردن
ئەیانەوێ دەست وەربدەنە ناو دڵم و
نیگەرانیی کاروانچییەک
لە بەر خۆری داگیرساوی پەشیمانیدا هەڵبخەن.
ئەگەر لێرەوە تێپەڕیت؛
سەرێ بدە لە کتێبە هەڵڕێژراوەکانی ڕوحم
لە ماچە لێرولەوار کەوتووەکانی ناو ژوورەکەم
لە هەناسەی بەسەر یەکدا کەوتووی ماڵی هەراسانیم
سەرێ بدە لە " ڕوحی بێ لێوار"ی شەونخونیم و
وەک ئەستێرە لالوتەکانی موحیبەت
بموەرێنە
تا ئەبمەوە بە سەرمەشقیی بازەکانی چۆڵەوانیی.
٣ی ئۆگێست ٢٠١٦

الثلاثاء، 2 أغسطس 2016

موفیدە بەلحودیی، شاعیرێکی یاخی:

·        ئەحمەد ڕەزا
موفیدە بەلحودیی شاعیری تونسیی نوێخوازو یاخیی، لە ١٧ی دیسەمبەری ١٩٧٦ لە دەوروبەی شاری قەیرەوانی تونسیی لە دایک بووە. دەنگێکی دیاری جیهانی عەرەبییە، لە زۆرێک لە ڕۆژنامەو گۆڤارو ماڵپەڕو ئێزگەی عەرەبی شیعرەکانی بڵاوئەکاتەوە.. دوو نامیلکەی شیعریی هەیە با ناونیشانی:
*بهرة الضوء
*عبیر الغمام
* نامیلکەی سێیەمی ئامادەیە بۆ چاپ بە ناونیشانی " زەنوبیا"
سێ شیعری کراون بە کوردی و لە ڕۆژنامەی کوردیدا بڵاوکراونەتەوە.
موفیدە، لە تەکنیک و داڕشتن و وێناکردندا، جیاوازە لە شاعیرە باوەکانی عەرەب، خوێنەر بەرەو ئاسۆیەکی زۆر بەرفراوان ڕائەکێشێت و لەوێوە وەک بینەرێکی گەردوونیی بەشداریی پێ ئەکاتەوە لە داڕشتنەوەی مێژوودا. ئەو جیاواز لە گرنگیی پێدانە کۆمەڵایەتیی و دەرونییەکانی خود ئەنوسێت، لای موفیدە پێگەی ژن لە مێژوودا لە پلەی یەکەمدا دێت. کار لەسەر هەڵگرتنی جیاوازییە ڕەگەزییەکان ئەکات، بەڵام بە زمانێکی ڕەوان و خەیاڵێکی فراوان.
" زەنوبیا"
تۆ پەڵە هەورێکی
لە شارە کۆنەکانی خەمەوە دێیت
کە ئاو بە ڕەشۆکیی گل ئەدەیتەوە
لە تەنیاییەکداسپێدەت بەسەردا تێپەڕ ئەبێ
کە کۆترکان ئارەزووی خواردنی ئەکەن و
هەورو موچڕکی پەڕەسێلکە
 ئەیگرنە خۆ.
" زەنوبیا"ی جوان
دەی دەست بکەرە ملم
مردن لە پڕا دێت
هەروەک خۆشەویستیی
لێرە، لە لێواری " بەردیی" چاوەڕێت ئەکەم
ڕوباریش وەک خۆت سەرگەردانە
قەمبورەکان بە قامچیی لێی ئەدەن
بەهاری نیشتیمانیی ناپاکیمان لێ ئەکا
ئەی خەم وەک من مەبە
لە دوای خۆتەوە دەرگاکان دابخە " زەنوبیا" لێرەیە
شارەکان بەسەر بارانی کەنداودا ئەپرژێنێ
پاڵتۆ هاوینەکەشی
گوناهەکانی مێژوو و
هەنگاوی ئەو کاروانانەم بیرئەخاتەوە
کە وەک بروسکە بوون
جنێویان بە بیابان و
کات و
ڕووتبوونەوە ئەدا
ئەم مەرەکەبە وەک کەفی دەریا وایە
بروسکەی زستان ئەشارێتەوەو
نهێنییەکانیشت ئەمانشکێنێ
فڕێمان ئەداتە فشەڵیی
سۆزمانەوە
لەسەر بای دیمەشق
هەوری چڕ ئەکاتەوە
" زەنوبیا"
دەقیش وەک تۆ بەسەر لاپەڕەکاندا هەڵڕژاوە
زاراوەکانیش لە ئاسماندا
ماڵەکانیان چۆڵ ئەکەن، شەو و
تەمەنی مەلەوانت لە ماوەدا
پەستە، ئەوەیە خوازراو
کاتێ مانایەکی سووکی
لەسەر بازنگە لەبیرکراوەکانت بەس بێت
لە ونبووندا
لە ئاسمانی " تەدمور" دا
پەرەسێلکەی ئێواران نامێنن بفڕن

ئاسۆیەکیش نییە مردنمان
لە دواگۆڕدا بنێژێ
هەموومان زنوبیاین.
شەپۆل جۆگەلەکانی خۆر ئەگرێتە خۆی و
دەریاو مەمکەکانیشت
مردن ڕائەماڵن..
دەرگاکانیشت بە ڕووی بریندا کراوەیە.
__________________________________
زەنوبیا: ساڵی "٢٤٠/ ٢٧٤" شاژنی تەدمور بوو، لەگەڵ هاوسەرەکەیدا ڕابەرایەتیی یاخی بوونێکیان کرد دژی ڕۆمانییەکان، دەستی بەسەر زوربەی زەوی و زاری سوریادا گرت، بە مردنی مێردەکەی، بە سەرکردایەتی خۆی میسریشی داگیر کرد.. ئۆرلیانی ئیمپراتۆری ڕۆما بە دیلی گرت و بردی بۆ ڕۆمانیا.. پاش ماوەیەک بە هۆکارێکی نادیار مرد.
ـــ============================== ـــــــــــــــ
" هەندێجار"
هەندێجار گرێ دەروونییەکانم کۆئەکەمەوە
هەروەک ئەوەی گوڵ کۆبکەمەوەو
فڕێی بدەمە دەریایەک زەعفەرانەوە
ئەشزانم من ژنێکی ڕۆژهەڵاتییم
بە لەزەتێک پێکراوم
کە سۆزێکی بە تین بەدەم خۆشیی بەیانەوە ناپاکیی لێکرد.
بەڵام دەستەمۆ نەکراوم
لە سیستمی خێڵ و
لە مردن ونامۆ بوون و شێتیی یاخیم
لە ئازارێک هێشتا لاساریی ئەکا لەگەڵ کاروانی تیشکدا
ئەی چەقۆو زۆربڵێیی ئارەزوویەکی ڕاگوزەر
من هێشتا پێویستیم بە خۆشەویستیی و
بە پیتێکە تیاما بژی.