الخميس، 22 سبتمبر 2016

جیاوازی نێوانی گروپه‌ فشارییه‌کان و گروپه‌ لۆکاڵییه‌ ڕادیکاله‌ سه‌ربه‌خۆییه‌ ئاسۆییه‌کان:


نوسینی: زاهیر باهیر/ لەندەن



گه‌لێک که‌س واده‌زانێت که‌ ئه‌و دوو جۆره‌گروپه‌ یه‌ك شتن ، له‌ پاساوی ئه‌وه‌شدا ده‌ڵێن که‌ ئه‌و جۆره‌ گروپانه‌ی که‌ ئێمه‌ باسی لێده‌که‌ین له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و شوێنه‌کانی دیکه‌شدا زۆرن. به‌ڵام له‌ هه‌قه‌تدا ئه‌مه‌ ڕاست نیییه‌ چونکه‌ جیاوازییه‌کی گه‌و‌ره‌ هه‌یه‌ له‌ نێوانیاندا، به‌ڵام هه‌ره‌ گرنگه‌کانیان ئه‌مانه‌یه‌:
• گروپه‌ فشارییه‌کان، گرۆپگه‌لێکی هیراشییه‌ و سه‌رۆكی گروپ و سکرتێری هه‌یه‌ و هه‌ه‌روه‌ها ئه‌دمینێکی دائیمی هه‌یه‌ ، هه‌رچیش جۆره‌که‌ی دیکه‌یانه‌، گروپی ئاسۆیی / ناهیراشی، ته‌واو پێچه‌وانه‌ی گروپه‌ فشارییه‌کانن. 

• گروپه‌ فشارییه‌کان بۆ کێشه‌یه‌کی لۆکاڵی دروستبوون و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ نه‌به‌ستراونه‌ته‌وه‌ به‌ تۆڕێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ که‌ له‌سه‌ر ئاستی شار ، ده‌ڤه‌ر، وڵات خۆی کۆکردبێته‌وه‌. هه‌ر کاتێکیش که‌ کێشه‌که‌یان لابه‌لاکرده‌وه‌ ئیدی ئاشبه‌تاڵ ده‌که‌ن و هه‌رکه‌س ده‌چێته‌وه‌ ماڵی خۆی و لێی داده‌نیشێت. به‌ڵام گروپه‌ ڕادیکاله‌ سه‌ربه‌خۆییه‌ ئاسۆییه‌کان ڕاسته‌ زۆرینه‌یه‌کیان بۆ کێشه‌ لۆکاڵیه‌کان دروستبوون به‌ڵام به‌ تۆڕێکی فراوانی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ له‌ چه‌شنی کێشه‌ی خۆیان و کێشه‌ی جودای دیکه‌ یه‌کده‌گرنه‌وه‌ و کاری جدی بۆ ده‌که‌ن و کێشه‌کان هه‌ر چه‌شنێك ببێت په‌یوه‌ست به‌ سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت و سیسته‌مه‌که‌وه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ ، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش ئه‌و کێشه‌یه‌ی‌ که‌ گروپێك گرتویه‌تییه‌ ئه‌ستۆی خۆی که‌ لابه‌لا بووه‌وه‌ ، ئه‌ندامانی گروپ ناچنه‌وه‌ ماڵی خۆیان به‌رده‌وامی به‌ چالاکی خۆیان له‌ ناو گروپه‌کانی دیکه‌ و بۆ کێشه‌ی‌ دیکه‌، ده‌ده‌ن.
• گروپه‌ فشارییه‌کان چالاکیان زیاتر له‌ چوارچێوه‌ی یاسایی و ئه‌وانه‌ی‌ که‌ ده‌وڵه‌ت و یاسا بۆی داناون، ده‌که‌ن هه‌ر بۆیه‌ش متمانه‌یه‌کی زۆر ده‌که‌نه‌ سه‌ر سیاسییه‌کان و ئه‌م و ئه‌و له‌ ئه‌ندام په‌ڕله‌مان و ئه‌ ندامانی شاره‌وانییه‌کان. هه‌رچیش گروپه‌ ڕادیکاله‌ ئاسۆییه‌کانن که‌متر په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر ئه‌و کارانه‌ی ئه‌وان و یاساش پشتگوێ ده‌خه‌ن و باوه‌ڕیشیان به‌ ئه‌نجامدانی چالاکی ڕاسته‌وخۆ هه‌یه‌ له‌ بۆ به‌دیهێنانی ئامانجی گروپه‌کانیان.
• گروپه‌ فشارییه‌کان ڕێگای بیرۆکراتیانه‌ له‌ کاروباره‌کانیاندا هه‌ر له‌ سه‌ه‌تاوه‌ هه‌تا کۆتاییه‌که‌ی ده‌گرنه‌ به‌ر ، به‌ڵام گروپه‌ ئاسۆییه‌کان هه‌ر هه‌موو کاره‌کان له‌ ڕێگای دیمۆکراتی ڕاسته‌وخۆوه‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن.
• گروپه‌ فشارییه‌کان له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی زیاتر گروپێکی بیرۆکراتی محه‌لین هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش گیانی وابه‌سته‌یی و قه‌به‌ کردنی چالاکی تاکه‌ که‌س ، به‌هێز ده‌که‌ن، گروپه‌کانی دیکه‌ کار له‌ سه‌ر سه‌‌ربه‌خۆیی تاك و متمانه‌ به‌خۆبوونیان و کردنی کاری به‌ کۆمه‌ڵ و لاوازکردنی ڕؤڵی تاکه‌ که‌س و شکاندنی هه‌یبه‌تی پاڵه‌وانێتی و سه‌رکردایه‌تی و ڕابه‌رایه‌تی، ده‌که‌ن.
• گروپه‌ فشارییه‌کان ڕێگای زۆرینه‌ و که‌مینه‌ی ده‌نگ له‌سه‌ر بڕیاردانی پرسێك له‌ کۆبوونه‌وه‌کانیاندا یا له‌ لابه‌لاکردنه‌وه‌ی کێشه‌کانیاندا به‌کارده‌هێنن، به‌ڵام هه‌رچی جۆری گروپه‌کانی دیکه‌یه‌ (ئاسۆیی) هه‌تا بۆیان بکرێت ڕێگای ڕازیبوون چه‌ندێك لێدوان و مشتومڕی بوێت و چه‌ندێك وه‌خت بکێشێت ، به‌کارده‌هێنن مه‌گه‌ر ڕێگاچاره‌یه‌کی دیکه‌ نه‌مێنێته‌وه. بۆ ئه‌مان گه‌ر که‌مینه ته‌نها ڕایه‌کیش ‌ بێت ، ئه‌وه‌ هه‌ر ڕایه‌ و ده‌بێت بایاخی پێبدرێت و به‌ هه‌ند وه‌رگیرێت.